جەماوەرى بەشەرەفى کوردستان
هێز و لایەن و کەسایەتییە سیاسییە ئازادیخوازەکان
ناوەندە میدیا سەربەخۆکانى ناوەوەو دەرەوەى کوردستان
ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانو مافى مرۆڤى نێودەوڵەتى
لە درێژەى بەردەوامبوونى کارى توندوتیژىو گرتنەبەرى هێز لەبەرامبەر قەڵەم لە هەرێمى کوردستاندا، خوێنى گەشى رۆژنامەنووسى گەنج (سۆران مامە حەمە) بەرپرسى نوسینگەى کەرکوکى گۆڤارى (لڤین) بەناهەق دەڕێژرێت.
ئێمە لەو بەیاننامەیەدا ئەوپەڕى توڕەیى و خەمناکى خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەتیرۆرکردنى قەڵەمێکى بوێرى نێو ئازادى رۆژنامەگەریى کوردى، تیرۆرکردنى رۆژنامەنووس سۆران مامە کاردانەوەى تفەنگە بەرامبەر بە قەڵەم، هەوڵێکى ترى ترسنۆکانەى هێزى چەکە بەرامبەر بە ئازادى قەڵەمو نووسین...کردەوە قێزەونو چەپەڵەکەى شەوى 21/22/7/2008 شارى کەرکوک، دیسانەوە ئەوەى سەلماندەوە کە ئازادیى ڕادەربڕین و رۆژنامەگەریى لە کوردستان لەژێر مەترسییەکى جیدی دایەو ژیانى رۆژنامەنووسان بەهیچ شێوەیەک زامننەکراوە، وێڕاى بوونى ئەو هەموو بنکەو دامودەزگاى پۆلیسو ئاسایشە، هەموو لایەکمان دەزانین لە کەرکوک لەجیاتى یەک ئاسایش، دوو ئاسایشى پارتىو یەکێتى هەیە، بەڵام تیرۆریستان زۆر بەسانایى خوێنى (سۆران مامە حەمە) دەڕێژن.....؟!
ئێمە دەپرسین کێ لە مەرگى ناوەختەى (سۆران مامە حەمە) بەرپرسیارە؟!